ئەرشیفەکانى هاوپۆل: کوردستان

ڕۆژی جیهانی تێخشاندن – لە ئەدەبیاتی سورییەوە

کابرایەک خەڵکی کوێرە گوندێکی لای دێر الزورە لە سوریا. بەبۆنەی ماستاوچێتی حیزبەوە دەبێتە بەڕێوبەری گشتی و مەسولی دیوانی وەزارەت. کاتێک بودجەی ساڵانە ١٨ ملیۆن لیرە قسور دێنێت. بانگی کۆنترین ژمێریاری دەزگاکە دەکات و دەڵێ: ئەرێ ئەی هاوار بۆ وامان لێ هاتووە؟ ئەویش دەڵێ: گەورەم هەموو ساڵ وایە. ئەویش دەڵێ: ئەی چۆن کەس لەسەر دزی دەرنەکراوە؟ ئەویش دەڵێ: بۆنەیەک دەکەین، ئەو ١٨ ملیۆنە لە زوڕنا، لافیتە، دەنگخۆش، وتاربێژ وە تەلەفی کورسی و مێز پڕدەکەینەوە. ئەوە ئاسانە گەورەم، بەس کێشەیەکی ترمان هەیە! ئەویش دەڵێ: نەڵێی نابێت، چییە؟ دەڵێت: بەس مانگی هەشتە و هیچ بۆنەیەکمان نییە. تۆ هیچ بۆنەیەکت بەخەیاڵدا دێت؟ بەڕێوبەر دەڵێ: لە گوندەکەمان مانگی هەشت دەچوین بۆ چیلکە کۆکردنەوە. لەوێ کچی وەکو خۆمان دەدۆزیوە و خۆمان لەیەکتری دەخشاند. ئەویش دەڵێ: کەواتە گەورەم ئاهەنگێک ساز دەکەین بەناوی: چنینەوە و تێخشان!
جــا میللەتێک زمانەکەی فت، زەویەکەی هیچ، دەوڵەتەکەی توڕەهات. هەر جارناجارێک ڕۆژێک دیاری دەکات و بۆنەیەک بۆ تێخشان

ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی – نوسینی: #عەزیز_نەسین (کوردێنراوە)

هاوپیشەکارانی ئەزیز و لیژنەی ئامادەکاریی بۆ گەورەترین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی. زۆر گرنگە ڕووی گەل و ناوچەکەمان سوور بکەین لە نێو میللەتانی تر بۆ بەرهەم و پیشەسازی. وە جێگای خۆیەتی باشترین بەرهەم نمایش بکەین. جا دەمەوێت بزانم ڕای ئێوە و پێشنیازتان؟
– دکتۆر موزەفەر (دکتۆرا لە وزە و خەرجی ناوەکی): گەورەم من دەڵێم هەندێک گڵۆپ و شقارتەی خۆماڵی دابنێین؟
* ئەی دەمخۆش، بەڵام لێیان دەنوسین: ” تکایە دایمەگرسێنە و دەستی لی مەدە” خۆت دەزانی زۆریان بەتازەیی ئیش ناکەن!
– دکتۆر عارف (دکتۆرا لە جۆرایەتی کەلوپەل و پۆشاک): گەورەم چۆنە گۆرەوی و تراکسۆدی کارگەی چنین و پۆشاکی شارەکەمان بنێرین؟
* تۆش دەمخۆش، بەڵام لێیان دەنوسین ”تکایە بۆ لەبەرکردن و دەستلێدان نییە”. چونکە خۆمان دەزانین یەکسەر دەدڕێن!
– دکتۆرە سەعادەت (دکتۆرا لە مەقامی میللی و قەتار): من پێشنیار دەکەم بە ناردنی هەندێک خەنجەری دەبان بەمسکی عەنبەر و شاڵی مەرەزی خۆمان و تەسبیحی ئەبڵقەق و کڵاشی هۆرامی، کە چەپ و ڕاستی نییە و جێگای بایەخی گەلان دەبێت.
* بەڕاستی خانم زۆر بەجێیە. ئێستا بە لیژنەی کڕین دەڵێم: بڕۆن باشترین خەنجەر و تەسبیح و شاڵ بەرن.
(پاش تەواوبوونی ڤیستیڤاڵ و هاتنەوەی وەفد بە سێ ڕۆژ)
– ڕووداو: گەلانی دنیا بەو کبریتەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەردی بناغەی دانرا سەرسام بوون.
– کوردسات: ئەو کارگانەی بە هیمەتی سەرۆک کۆمار کرانەوە، ئێستا بەرهەمەکانی دەچنینەوە.
– سبەی: گەرچی کێشەی گەندەڵی هەیە، بەڵام پشتگیری شاڵ و کڵاش و تەسبیح لەدەرەوە وەکو کورد ئەرکمانە وەکو ئۆپۆزسیۆن.
(لیژنە و یاوەرانی ڤیستیڤاڵەکە لە ژووری بەڕێوبەرن دوای سەفەر)
ئادەی پێم بڵێن: چۆن بوون، چیتان کرد، چەند خەڵک هات بەوردی دوور لە مێدیا و ناونیشانی حیزبی؟
– ڕاستی گەورەم، شقارتە و گڵۆپ و گۆرەوی و کراسەکان هەر لە بارکردن و داگرتن دڕان و تێکچوون. بەڵام زۆر حەیف خەنجەر و شاڵ و ئەبڵەقەکەش بەهۆی گرانیانەوە دزران هەر کاتی نمایش وە کڵاشەکەش کە ئەوناوەیان شۆری، تێکچوو!
* ئەی لەشیان داڕزێ ئەرێوەڵا، سەیر سەیری ئەو وڵاتە پێشکەوتوانە بکە چۆن تێکچوون. خۆزگەمان بەلای خۆمان!
– گەورەم ڕاستی نەدەبا ئەو شتە بەنرخانە بنێرین
* گوێی مەدەرێ، شاڵ و کڵاشەکە هی چینە و خەنجەرەکەش دەسکەکەی باغە و تەسبیحەکەش لە ژێر پردەکە لە مناڵمان کڕیووەتەوە. موهیم ڕووی گەلەکەمانە لەنێو گەلانی تر. بژین

هەندێ ڕاستی لەسەر ئەم چەکانەی، کە گوایە دێت؟!

دوور لە میدیای درۆزنی کوردی، کە تا ئێستا حەقیقەتی ئەم پارچە چەکانەی ئەڵمانیان نە وتووە. چییە؟ هی کەیە؟ بۆ جەنگی داعش و ڕێگرتن لە داعش بۆ پێویستە؟
پێش هەموو شتێک، شتەکان جارێ لە پرۆسەی بینێرن/نەینێرن/چۆن/چیدان؟ نەک ئەوەی وا لە بەرەکانی جەنگدا چەکی ئەڵمانی هەبێت. جا بۆ ڕوونکردنەوە و تێگەشتنێکی سەرەتای لەسەر وردەکاری چەکەکان و تواناکانی. ئەمە هەندێک لەو پارچانەی کورد داوای کردووە (وە جەختی لێ کردۆتەوە) بریتین لە

ڕاکێتی (میلان)

کە توانای هەیە لە دووری 2 کیلۆمەترەوە زریپۆش ببڕێت. ئەمەش پێویستی بە شارەزا/پسپۆر و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردییە. ئەڵمانیاش نایەوێت پسپۆری خۆی بنێرێت.

پرسیار ئەوەیە:زریپۆش و لە دووری 2 کیلۆمەترەوە، چەکی سەرکەوتووە دژی داعش؟ ئایا هاوشێوەی ئەو چەکانە نییە و چی لە تەکنیکی شەڕ و ئەگەری سەرکەوتن دەگۆڕێت بۆمان؟ لە حاڵەتێکدا، چەکدارانی داعش بە ترومبێلی ئاسایی و جلوبەرگی ئاسایی زۆرکات لەبەر گەرما (نەعل) لەپێن!

تێبینی: لە لایەن سوپای فەرەنسی و ئەڵمانییەوە لە 1963ــ هەیە و بە دەیان وڵات فرۆشراوە لەوانەش وڵاتانی کرۆکی داعش وەکو سعودیە، قەتەر، بەحرەین.


چەکی دەستی G36

ئەمەش یەکێکە لە داواکارییە دڵخوازەکان. کە ئامێرێکی کۆمپانیای هێکلەر و کۆخ ـی ئەڵمانییە و مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1990. ئەم چەکە سووکە گوللەی جۆری  7.62×51mm ناتۆ دەخوات.جۆرێکی پێشکەوتووترە لە چەکی سووک کە شانەی 30 گوللەیی دەگرێت. بە خێرایی زیاتر دەیانەتەقێنێ (سیستەمی سەللی).

چەکی دەستی MG42

ئەمەیان پێشمەرگە واتا کورد جەختی لە وەرگرتنی کردۆتەوە. کە هاوپۆلی ڕەشاسی BKC بیەکیسییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1942 لە شەڕی نازییەکان. شایانی باسە ئەمە لە سەردەمی شەڕی پێشمەرگە و ڕژێمدا، لە هاوپۆلی قورسی/گرانی و کەم فیشەکی (ڕەشاش ژێرسەیە). کە چەکێکی ناحەز بوو لای پێشمەرگەی سەردەمی شاخ.

کڵاشینکۆفە حەیاتەکە AK-47 

لە کۆتاییدا حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ بولگاریا لەو بیرەدان، کە فایزی چەکی سووکی ئەو وڵاتە لە کڵاشینکۆف بدرێتە پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش!! زیاتر دەربارەی ئەو چەکە نانوسم، چونکە هەر منداڵێکی کورد لە بیر و هزریدا، ئەم چەکە پارچە بە پارچەی هەڵکۆڵراوە. 

پرسیارەکان هەموویان ئەوەن، کە لەسەرەوە دەکرێن:

ئێمە بۆ بەرەنگاری داعش و بەربەستکردنی ئەم چەکانەمان پێویستە؟ ئایا لەو چەکانە سەدان قات باشتر و چاکترمان نییە؟ ئەی تەکنیکی ڕادار و زریپۆشی زیرەک و مینهڵگرەوە؟ لە کاتێکدا نیوەی شاخەکانی کوردستانی کردووە بە دۆزەخ بۆ هەر نییە؟ ئەی ڕاهێنانی کورد بۆ فڕۆکەی جەنگی و دانی هەلیکۆپتەری وشیار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ نییە؟ کە ئەمریکا و ناتۆ تەنها ئامرزایانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاعیدە و داعش لە وڵآتان؟ یان کۆمەڵگای کوردی و ناوچەکە بە گشتی، لەم کاتەدا ئەم هەموو چەکە سووکە بۆ چییە؟ بە پێی کام ئامار و وردەکاری وەزارەتی پێشمەرگە، نوقسانی ئێمە ئەمانەن؟ هەر بە پێی ڕوونکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بێت، هۆی شکستی پێشمەرگە چەکە پێشکەوتووەکانی داعش بووە لەو ناوچانە! ئا ئەمانە چەکی پێشکەوتوون یان هی نیوسەدە پێشترن؟ هەروەها چەندین وڵاتی ئیسلامی چەندین ساڵە هەیانە. ئەمانە پڕچەکردنی پێشمەرگە و کوردن یان ساغکردنە و فڕێدانی زبڵی مەخزەنەکانیانن؟ 
پرسیارەکان لای خۆتان بهێڵنەوە، ڕۆژگار زۆر شتی تر لەم گەمە نابووتە هەڵدەماڵێ.
پەراوێز:
ڕاپۆرتێکی دێر شپیگلی ئەڵمانی لەسەر وردەکاری چەکی ئەڵمانیا بۆ کوردەکان
http://www.spiegel.de/politik/ausland/irak-welche-waffen-deutschland-an-die-kurden-liefert-a-987337.html#ref=plista