ئەرشیفەکانى هاوپۆل: چیرۆک

سوننەت وەکو خۆی!

پێغەمبەری بەڕێز بۆ ڕێگرتن لە پەلامار هەڵسا بە دروستکردنی خەندەق لە دەوری مەدینە. وە توانی خۆی بپارێزێت ئەو کاتە و سەرکەوێت. ساڵ هات و ڕۆیشت یەکێک لە بنەماڵەکەی بەناوی (موحەمەد نەفسی زەکیە) لەسەردەمی عەبباسییەکان شۆڕشێکی کرد لە هەمان شار بۆ گێڕانەوەی ئیسلامی باپیرە گەورەی و خەلافەتی راگەیاند. کاتێک هەواڵ گەیشتە عەباسییەکان، ئەوان سوپایەکی بچکۆلەیان نارد بۆ دامرکانەوەی بە سەرۆکایەتی (عیسای بن موسا). موحەمەد باوەڕی بە هەموو شتێکی باپیرەی پێغەمبەر بوو، بۆیە چووەوە هەمان شوێنی جاران و خەندەقی هەڵکەندەوە. بەو باوەڕەی سەردەکەوێت لەگەڵ هەزاران باوەڕدار و وەچەی سەحابە. کاتێک عیسا و سوپاکەی گەیشتنە خەندەقەکە، چوو دوو دەرگای لە خانوی دەرەوە لێ کردەوە و کردیە پرد. سوپاکەی پەڕیەوە و شۆڕش و خەلافەتەکەش تەفروتونا بوو!
لاسایی و سوننەت پەیوەستە بە کات و شوێنەوە، گەرنا تەفروتونا دەبی

ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی – نوسینی: #عەزیز_نەسین (کوردێنراوە)

هاوپیشەکارانی ئەزیز و لیژنەی ئامادەکاریی بۆ گەورەترین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی. زۆر گرنگە ڕووی گەل و ناوچەکەمان سوور بکەین لە نێو میللەتانی تر بۆ بەرهەم و پیشەسازی. وە جێگای خۆیەتی باشترین بەرهەم نمایش بکەین. جا دەمەوێت بزانم ڕای ئێوە و پێشنیازتان؟
– دکتۆر موزەفەر (دکتۆرا لە وزە و خەرجی ناوەکی): گەورەم من دەڵێم هەندێک گڵۆپ و شقارتەی خۆماڵی دابنێین؟
* ئەی دەمخۆش، بەڵام لێیان دەنوسین: ” تکایە دایمەگرسێنە و دەستی لی مەدە” خۆت دەزانی زۆریان بەتازەیی ئیش ناکەن!
– دکتۆر عارف (دکتۆرا لە جۆرایەتی کەلوپەل و پۆشاک): گەورەم چۆنە گۆرەوی و تراکسۆدی کارگەی چنین و پۆشاکی شارەکەمان بنێرین؟
* تۆش دەمخۆش، بەڵام لێیان دەنوسین ”تکایە بۆ لەبەرکردن و دەستلێدان نییە”. چونکە خۆمان دەزانین یەکسەر دەدڕێن!
– دکتۆرە سەعادەت (دکتۆرا لە مەقامی میللی و قەتار): من پێشنیار دەکەم بە ناردنی هەندێک خەنجەری دەبان بەمسکی عەنبەر و شاڵی مەرەزی خۆمان و تەسبیحی ئەبڵقەق و کڵاشی هۆرامی، کە چەپ و ڕاستی نییە و جێگای بایەخی گەلان دەبێت.
* بەڕاستی خانم زۆر بەجێیە. ئێستا بە لیژنەی کڕین دەڵێم: بڕۆن باشترین خەنجەر و تەسبیح و شاڵ بەرن.
(پاش تەواوبوونی ڤیستیڤاڵ و هاتنەوەی وەفد بە سێ ڕۆژ)
– ڕووداو: گەلانی دنیا بەو کبریتەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەردی بناغەی دانرا سەرسام بوون.
– کوردسات: ئەو کارگانەی بە هیمەتی سەرۆک کۆمار کرانەوە، ئێستا بەرهەمەکانی دەچنینەوە.
– سبەی: گەرچی کێشەی گەندەڵی هەیە، بەڵام پشتگیری شاڵ و کڵاش و تەسبیح لەدەرەوە وەکو کورد ئەرکمانە وەکو ئۆپۆزسیۆن.
(لیژنە و یاوەرانی ڤیستیڤاڵەکە لە ژووری بەڕێوبەرن دوای سەفەر)
ئادەی پێم بڵێن: چۆن بوون، چیتان کرد، چەند خەڵک هات بەوردی دوور لە مێدیا و ناونیشانی حیزبی؟
– ڕاستی گەورەم، شقارتە و گڵۆپ و گۆرەوی و کراسەکان هەر لە بارکردن و داگرتن دڕان و تێکچوون. بەڵام زۆر حەیف خەنجەر و شاڵ و ئەبڵەقەکەش بەهۆی گرانیانەوە دزران هەر کاتی نمایش وە کڵاشەکەش کە ئەوناوەیان شۆری، تێکچوو!
* ئەی لەشیان داڕزێ ئەرێوەڵا، سەیر سەیری ئەو وڵاتە پێشکەوتوانە بکە چۆن تێکچوون. خۆزگەمان بەلای خۆمان!
– گەورەم ڕاستی نەدەبا ئەو شتە بەنرخانە بنێرین
* گوێی مەدەرێ، شاڵ و کڵاشەکە هی چینە و خەنجەرەکەش دەسکەکەی باغە و تەسبیحەکەش لە ژێر پردەکە لە مناڵمان کڕیووەتەوە. موهیم ڕووی گەلەکەمانە لەنێو گەلانی تر. بژین

مشکی خۆخۆر – عەزیز نەسین

لە شارێکی نزیک دەریادا، کۆگایەکی گەورەی خۆراک دەبێت. ئیتر وەکو هەموو کۆگایەک مشکی بۆ دێت. بەڕێوبەری کۆگاکەش لەڕێگای ژەهرەوە خەریکیان دەبێت. بەڵام تاکو مشکێک بە ژەهر دەکوژێت، ئەو ٢٠ مشکی خستۆتەوە. مشکەکان بەرەبەرە هەرچی فەردە ئاردە دەیکەنە هێلانە و هەرچی پەنیز و گەنم و جۆیە شەوان دەیکەنە یاری بۆ خۆیان. قەبارە و هێزیان وای لێ دێت، ئیتر ئینسان ناتوانێت شەوان بێتە کۆگاکە.
بەڕێوبەری کۆگاکە هەڵدەستێت کۆمەڵێک پشیلەیان بۆ دێنێت، کە ناسراون بەچەموشی و لێزانی. دەی دوای هەفتەیەک مشکەکان بەتاکتیک هەموویان دەکوژن. بەڕێوبەر هیچی بۆ نامێنێتەوە بێجگە لە شیوەن و واوەیلا لەم دۆخەی تێیکەوتووە و چی بەسەر هاتووە. ڕۆژێک بیری بۆ لای پلانێک دەچێت، دەستبەجێ سێ قەفەسی گەورە دەبات بۆ ناو کۆگاکە و دەرگاکانی دەکاتەوە. مشکیش لەبەر قەرەباڵغی پڕی دەبن. تەنها دەرگاکەیان لەسەر دادەخات. دەی ڕۆژێک و دوو ڕۆژ ئیتر مشکەکان دەیکەنە شەڕ ناو قەفەسەکە. برسێتی و جێگا تەنگی زۆریان بۆ دەهێنێ. ئیتر دەستدەکەنە یەکتری خواردن. دوای هەفتەیەک کەم دەبنەوە و ئیتر کەسیان متمانەیان بەکەسیان نامێنێ. هاکا یەکێکیان نوست لەسوچێکدا و ئەمەی تر برسیشی نەبێت، دەچێت دەیخنکێنێ. تا حاڵ وای لێ دێت دوای ٤ هەفتە هەر قەفەسەی یەک دانە مشک ماوەتەوە. مشکێکی دڕەندە، بەهەیکەل، تەڵەکەباز و دڕ و خێرا. چونکە بەهەرچی ئەزموندا ڕۆشتووە. بەڕێوبەریش ئەنجا دەرگایان بۆ دەکاتەوە و بەجێیان دەهێڵێ. ئەم مشکانە ئیتر دەستدەکەن بەخواردنی ئەوەی برسیانە، وە کوشتن و خنکاندنی هەرچی نەوەی نوێ و بچکۆلەیە. وە ڕاونانی ئەوەی دەستیان پێ ناگات.
پاش دوو مانگ هیچ مشکێک نامێنێتەوە و بەڕێوبەرەکە بەم پلانە شەیتانیەی کۆتایی بەگەورەترین کێشەی کۆگای ئەو شارە هێنا. بەڵام دەزانن بەڕێوبەر چۆن مێشکی بۆ ئەم پلانە چووە؟
چونکە خۆی ئاوها لەسەر خواردنی دەوروبەری، خنکاندنی نەیارەکانی و داپڵۆسین کۆمەڵگا و وەچەی خۆی بوبووە جەنابی (گەورە و بەڕێوبەر)