. شاعیر و میوزیکژەن و سۆفییەکی کوردی (عەلەوی مەزهەب). لە نێو سوونەشدا خۆشەویست و بەرز. یەکێکە لە سیمبۆلەکانی بەرخودان دژ بە دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی. هۆنراوەکانی پڕن لە فەنتازی و گیانی تێکۆشان بۆ ئازادی. دژی پاشا و دار و دەستەی سوڵتان وەستاوە و زۆری ئازار و ئەشکەنجە کێشاوە. لەو پێناوەشدا خۆی بەخت کردووە. لە زۆر فلیم و ڕۆمان و گۆرانیدا وەکو شۆڕشگێڕ و فەیلەسووف دەردەکەوێ.
ئەمە پارچەیەکە لە قەسیدەکەی:
ڕووبارێکم کە دەڕژێتە دەریاوە.
گوڵێکم پێش وەخت خونچە کراوە.
خۆڵەمێشم، هی ئاگرێکی کوژاوە.
هەی دۆست، دەردی تۆ دەمسوتێنێ.
جارێ پیر سوڵتان ئەبداڵم.
جارێ بۆش و بەتاڵم.
برسی و تینووم.
بۆ مەرگ لە پێناوی گەلەکەم دەڕۆم.
هەی دۆست، دەردی تۆ دەمسوتێنێ.
ئەرشیفەکانى هاوپۆل: هونەر
ئەی هاوار … [نوێکراوەتەوە]
لە نێو ئاگردا..
لە نێو تەڵەی قەحپەکاندا..
لە نێو قریشکە و تۆقیندا…
لە کانگای دوومەڵ و لە نێو وەحشی و دڕەندەکاندا..
لە گۆمی ژەخنەبووتا، تەنراو بە چەقۆ..
وەستاویت تاقانە و بێکەس! وای بۆ ئازارت…
وای وای….
تەنها ڕووح و سەری خۆتت پێ ماوە!
بێ پشت و پەنا، بێ بەرگ، پێ خاوس!
لە سەحەردا خەوزڕاو..
لە ژێر چەپۆکی جەلادێکدا*..
وای..
چەندم خۆشدەویستی..
ئەمە چی نیشتیمانێکە لە ئێسکودارەوە* تا ئێرە؟
هێی گیانەکەم!
کێوی گۆڵزار، پڕ لە ئافات، پڕ برسێتی..
نە گوڵەکانی ئەپشکوون، نە میوەی گەیوو لە لقەکان دەکەونە خوارەوە…
ئەکێشن بە نێوچەوانمدا..
وەکو “گڕەبەردێک (نەیزەک)” بە کێڵگەیەکدا بدات..
کەرامەت شکاندن، بێ هانایی..
ڕووباری مونزور* و شاهـ مورات* خەڵتان لە خوێن…
وە منیش شــــــــاعــــیرم!
لە پێناوی شەرەفی ڕەنجەدەراندا..
بۆ ناموسی تێکۆشەران..
بە بێ ترس، پاک و بێگەرد..
کە نەبوون بە خۆڵەمێش..
نـــــە وێنەیەک دەگرم..
بە ڕوانینێکی خەمبارەوە..
نە چەند کۆپلەیەک ڕەشەبای یاخی هەڵدەواسم…
وای..
چەندم خۆشدەویستی..
ئازیز، بەڵێ ئێستا..
هەرچەندە دەمێکە دابڕاوین، لێ هەر ئێستا..
دەڵێی بە چەقۆیەک لە تۆ کراومەتەوە..
دەڵێی چڵێکم لە قەدی تۆوە شکێنراوم…
ئەی هۆکاری ژیانم، خانمەکەم، خۆشەویستم..
برینەکەت زۆر قووڵ بووە،
چەخماخەی ئاگریش داناگیرسێ،
دەزانـــــــم!!
لێگەڕێ لە چیاکان (حیساب) یەکلایی دەکەینەوە..
ئومێد و هیوا لە چیاکانە…
بڕوانــــە! پێیەکمان وا لە نێو بۆشایی گەردووندا..
کەچی ئەوەی ترمان لە نێو گۆرەویەکی خوری و پێڵاوی ڕەنجبەرێکدایە
بڕوانـــــە! لە بیردۆزی ڕێژەیی و لە فیزیای ئەتۆمی..
لە خۆشمان و عەشقی کوێرەوەری..
لەم زەمەنە نەفرەتییە و بەرخودانەمان.
بۆ زارۆکەکانمان، بۆ خونچەی داهاتوومان..
بۆ هەر یەکێکیان بەرگێک لە ئەرخەوان
ژیانێک پڕ لە خۆشی و گەمە
هێـــــی گیانەکەم
دەی تۆ تەواوی کە…
ئـــــەی هــــاوار …
تــــو عەشقی موحەمەد، تـــو عەشقی عیسا!
تــــو ئەو تەختە زیوەی لەسەری ڕاکشاوی..
دەییییییی ..
ئەوا بە قوڵنەکەی فـــــەرهاد کێوەکان دەکوتن،
تاکو بوون بە تۆز…
ستەم دەمی شمشێری لە خوێن و عارەقی لاقەبرغەمدا نوقم کردووە.
زۆر یاخی!
لغاو و تەوقی دەمم، گەر بڵێم “ئاهــ” دەپسێن.
ئەدی گوڵە کێویلە و گوڵەباخ خوشکن.
ئاوهایە عیشق…
وای چەندم خۆشدەویستی….
* لە تورکیەکەدا دەبێژێ (لە نێو نیشانی جەلادێکدا).
* ئێسکودار ناوچە/گەڕەکێکە لە ئەستمەبوڵ لە دواهەمین کەناری کیشوری ئاسیا.
* مونزور و شاه مورات دوو ڕووباری باکوری کوردستانن.
* هەندێک هەڵەم کردبوو، بمبورن لە دەقە ئەسڵییەکە و پاش پرسیارکردن چاکم کردەوە. ئەگەر ئارەزوو دەکەی بە دەنگی ئەحمەد عارف خۆی گوێبیستی ببیت، کرتەی ئەم بەستەرە بکە.
گەڕەکی پشتەوە [Arka Mahalle]
((گەڕەکی پشتەوە))
هۆنراوە و ئاوازی: ئەحمەد کایا
گریام و فرمێسکەکانم بوون بە دەریا!
لێ نەمتوانی دەردی خۆم لای کەس دەربڕم.
کە فیشەک دەباری لە گەڕەکی پشتەوە.
پێکرام و خستمیان، کەچی ئۆفێکم نەکرد!
چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
زۆریام لێدام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.
چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
ئەشکەنجەیان دام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.
گریام و فرمێسکەکانم بەسەر ئاگردا ڕژان.
کەچی نەمتوانی ئاگرەکە خامۆش بکەم!
بە ناڵە و هاوار تۆم لە ناخمدا نوسی.
لێ یەکجاریش نەمتوانی بە پێکەنینت بهێنم!
چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
زۆریام لێدام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.
چیم بەسەرهات، هیچم بۆت نەگێڕایەوە.
ئەشکەنجەیان دام، کەچی ناوتم هەر نەدرکاند.
ئۆف ئـــــــۆف… ماڵوێران بیت.