ئەرشیفەکانى هاوپۆل: مێژوو

سوننەت وەکو خۆی!

پێغەمبەری بەڕێز بۆ ڕێگرتن لە پەلامار هەڵسا بە دروستکردنی خەندەق لە دەوری مەدینە. وە توانی خۆی بپارێزێت ئەو کاتە و سەرکەوێت. ساڵ هات و ڕۆیشت یەکێک لە بنەماڵەکەی بەناوی (موحەمەد نەفسی زەکیە) لەسەردەمی عەبباسییەکان شۆڕشێکی کرد لە هەمان شار بۆ گێڕانەوەی ئیسلامی باپیرە گەورەی و خەلافەتی راگەیاند. کاتێک هەواڵ گەیشتە عەباسییەکان، ئەوان سوپایەکی بچکۆلەیان نارد بۆ دامرکانەوەی بە سەرۆکایەتی (عیسای بن موسا). موحەمەد باوەڕی بە هەموو شتێکی باپیرەی پێغەمبەر بوو، بۆیە چووەوە هەمان شوێنی جاران و خەندەقی هەڵکەندەوە. بەو باوەڕەی سەردەکەوێت لەگەڵ هەزاران باوەڕدار و وەچەی سەحابە. کاتێک عیسا و سوپاکەی گەیشتنە خەندەقەکە، چوو دوو دەرگای لە خانوی دەرەوە لێ کردەوە و کردیە پرد. سوپاکەی پەڕیەوە و شۆڕش و خەلافەتەکەش تەفروتونا بوو!
لاسایی و سوننەت پەیوەستە بە کات و شوێنەوە، گەرنا تەفروتونا دەبی

بەختیار عەلی و یوسوف خەیاڵۆغڵو (١٩٥٣ بۆ ٢٠٠٩)

لە شوێنی تریشدا وتومە، ئێمە وەکو نەتەوە چونکە یەک کێشەمان هەبووە. برینێک بە قاچی خانەقینەوە بووبێت، ئاغرێ و دۆخ بایەزیدی شەلاندووە! بۆیە شاعیر و ئەدیبە بەرزەکانمان یەک چاویلکەیان بۆ نوسین داناوە.
یوسوف لە شاکاری (ئەسپێکی یاخیم، ناوم کەحلانە) دەفەرمێ:

کوڕی هۆزم، ناوم کەحلانە*
لە پێدەشتی قیامەتی قزڵجەدا** لە دایک بووم..
لەو دوند و دۆڵانەدا…
 هەڵۆم فڕاندووە،
پێلەقەم لە گورگ داوە،
لە مرۆڤم هەڵداوە،
وتوومە نامەوێ بێ کەرامەت، ڕەزیل و ڕسوا!
وەکو مێش و مەگەزی سەرم بلەوەڕێم..
کۆرپەم ،، کۆرپەم…
چاوم لە نێو چاوی بەرامبەرەکەم بڕیوە..
ئاوها تیژ و مۆن ڕوانیومە..


ئەسپێکی یاخیم، ناوم کەحلانە..
دایکم ڕەشەبایە، باوکیشم غوربەت.
هەزار ساڵە لەم دەڤەرەدام..
هەرگیز برسێتی ئەژنۆی نەلەرزاندووم…
تۆم خۆشدەویست…
قاسپەی کەوێک هەموو ئازارەکانی لەبیرم بردۆتەوە…
تۆم خۆشدەویست..
شکۆم لەسەر سنگم داوە، وەک چۆن کێو گوڵی لەسەر ڕواوە..
بە دانەکانم لەسەر ئاسن نەخشم کێشاوە!

یوسوف دەیەوێت مێژووی هەزارساڵەی خۆڕاگری بۆ کۆرپەکەی بگێڕێتەوە، هەڵبەتە هۆنراوەکو زۆر درێژترە. دەیەوێت یاخیبوون و ئازایەتی خۆی بخاتە گیانی ئەسپێکی کەحلانەوە. هەمان کات بەختیار عەلی لە یادگارەکانی پیرەمێردێک بە چنینێکی تر دەیەوێت هەمان شت بۆ وەچەی نوێ بگوازێتەوە کە دەفەرمێ:

من هێند پیرم، شەوی لە دایكبوونی زەریام لە بیرە،
 لە بیرمە بەیانیان لە كوێوە ئەستێرە دەگەڕایەوە بۆ ماڵ. 
دەزانم مانگ لە چ كوچەیەكدا گەورەبوو.
 تۆزی ئەو كۆڵانەم لە یادە كە یەكەم باڵندەی تیا نیشتەوە. من پیرم،
 یەكەم مەرەكەبم لە بیرە كە لەسەر یەكەم كتێب ڕژا. 
میللەتانم لە بیرە، دڵیان سەرتاپا ستایشی یەكدی بوو. 
مرۆڤم لە یادە دەیگووت:
 من قەرزاری تۆم ئەی كۆتر … من كوڕی تۆم ئەی شیری سپی بەیانیان. من شەوم بینیوە، لە تۆزی ڕوخانی گوڵدا خنكاوە … من پەنیری ڕەش، پرتەقاڵی سپی، مۆزی ئەستێرەییم بینیوە. لە شەربەتی بە جێماوی شەڕ، لەشەرابی ڕژاوی پێغەمبەرانم خواردۆتەوە. من بتەكانم پەرستووە، لە سوڕی مردن و هەستانەوەی خوداكاندا بەشداربووم. وەرزگەلێك لە ڕیزی سەربازەكانی شەیتان و وەرزگەلێك جەنگاوەری فریشتەكان بووم. 
من بام لەگەڵ كۆیلەكاندا سوار كەشتی كردووە. هەورم كردووە بە كفنی كوژراوەكان، 
عەدەنم نیشانی ئاشووبەكان داوە، حۆریم بە دیلی ناردووە بۆ ئەستانە. 
دەنگی تۆپەكانم ئێستاش لە گوێی زەریادا دەزرینگێتەوە. 
فووی جەنگاوەرانم ئێستاش لە گەشانەوەی هەموو ئاگرێكدا هەیە.