ئەرشیفەکانى هاوپۆل: تورکی

مشکی خۆخۆر – عەزیز نەسین

لە شارێکی نزیک دەریادا، کۆگایەکی گەورەی خۆراک دەبێت. ئیتر وەکو هەموو کۆگایەک مشکی بۆ دێت. بەڕێوبەری کۆگاکەش لەڕێگای ژەهرەوە خەریکیان دەبێت. بەڵام تاکو مشکێک بە ژەهر دەکوژێت، ئەو ٢٠ مشکی خستۆتەوە. مشکەکان بەرەبەرە هەرچی فەردە ئاردە دەیکەنە هێلانە و هەرچی پەنیز و گەنم و جۆیە شەوان دەیکەنە یاری بۆ خۆیان. قەبارە و هێزیان وای لێ دێت، ئیتر ئینسان ناتوانێت شەوان بێتە کۆگاکە.
بەڕێوبەری کۆگاکە هەڵدەستێت کۆمەڵێک پشیلەیان بۆ دێنێت، کە ناسراون بەچەموشی و لێزانی. دەی دوای هەفتەیەک مشکەکان بەتاکتیک هەموویان دەکوژن. بەڕێوبەر هیچی بۆ نامێنێتەوە بێجگە لە شیوەن و واوەیلا لەم دۆخەی تێیکەوتووە و چی بەسەر هاتووە. ڕۆژێک بیری بۆ لای پلانێک دەچێت، دەستبەجێ سێ قەفەسی گەورە دەبات بۆ ناو کۆگاکە و دەرگاکانی دەکاتەوە. مشکیش لەبەر قەرەباڵغی پڕی دەبن. تەنها دەرگاکەیان لەسەر دادەخات. دەی ڕۆژێک و دوو ڕۆژ ئیتر مشکەکان دەیکەنە شەڕ ناو قەفەسەکە. برسێتی و جێگا تەنگی زۆریان بۆ دەهێنێ. ئیتر دەستدەکەنە یەکتری خواردن. دوای هەفتەیەک کەم دەبنەوە و ئیتر کەسیان متمانەیان بەکەسیان نامێنێ. هاکا یەکێکیان نوست لەسوچێکدا و ئەمەی تر برسیشی نەبێت، دەچێت دەیخنکێنێ. تا حاڵ وای لێ دێت دوای ٤ هەفتە هەر قەفەسەی یەک دانە مشک ماوەتەوە. مشکێکی دڕەندە، بەهەیکەل، تەڵەکەباز و دڕ و خێرا. چونکە بەهەرچی ئەزموندا ڕۆشتووە. بەڕێوبەریش ئەنجا دەرگایان بۆ دەکاتەوە و بەجێیان دەهێڵێ. ئەم مشکانە ئیتر دەستدەکەن بەخواردنی ئەوەی برسیانە، وە کوشتن و خنکاندنی هەرچی نەوەی نوێ و بچکۆلەیە. وە ڕاونانی ئەوەی دەستیان پێ ناگات.
پاش دوو مانگ هیچ مشکێک نامێنێتەوە و بەڕێوبەرەکە بەم پلانە شەیتانیەی کۆتایی بەگەورەترین کێشەی کۆگای ئەو شارە هێنا. بەڵام دەزانن بەڕێوبەر چۆن مێشکی بۆ ئەم پلانە چووە؟
چونکە خۆی ئاوها لەسەر خواردنی دەوروبەری، خنکاندنی نەیارەکانی و داپڵۆسین کۆمەڵگا و وەچەی خۆی بوبووە جەنابی (گەورە و بەڕێوبەر)

بیرکردنەوە لێت

بیرکردنەوە لێت شتێکی جوانە
بیرکردنەوە لێت، هیوایە
وەکو گوێگرتنە لەخۆشترین گۆرانی
بەنایابترین هۆنراوەی دنیاوە
بەڵام چیدی نە هیواخواستن دادم دەدا
نە گوێگرتن لەگۆرانیش دڵخۆشم دەکا
بەڵکو دەمەوێت خۆم گۆرانی بڵێم

– لە تورکیەوە (نازم حیکمەت)

کەحلانێکی یاخی [Asi Bir Küheylan]


کوڕی هۆزم، ناوم کەحلانە*
لە پێدەشتی قیامەتی قزڵجەدا** لە دایک بووم..
لەو دوند و دۆڵانەدا…
 هەڵۆم فڕاندووە،
پێلەقەم لە گورگ داوە،
لە مرۆڤم هەڵداوە،
وتوومە نامەوێ بێ کەرامەت، ڕەزیل و ڕسوا!
وەکو مێش و مەگەزی سەرم بلەوەڕێم..
کۆرپەم ،، کۆرپەم…
چاوم لە نێو چاوی بەرامبەرەکەم بڕیوە..
ئاوها تیژ و مۆن ڕوانیومە..

ئەسپێکی یاخیم، ناوم کەحلانە..
دایکم ڕەشەبایە، باوکیشم غوربەت.
هەزار ساڵە لەم دەڤەرەدام..
هەرگیز برسێتی ئەژنۆی نەلەرزاندووم…
تۆم خۆشدەویست…
قاسپەی کەوێک هەموو ئازارەکانی لەبیرم بردۆتەوە…
تۆم خۆشدەویست..
شکۆم لەسەر سنگم داوە، وەک چۆن کێو گوڵی لەسەر ڕواوە..
بە دانەکانم لەسەر ئاسن نەخشم کێشاوە!

هۆنراوەی: یوسوف خەیاڵۆغڵو
خوێندنەوە: ئەحمەد کایا

*کەحلان: جۆرە ئەسپێکی ڕەسەنی عەرەبییە، هەروەها ناوی ئەو ئەسپەی شێخی چەلەبی بووە، کە دژی حوکمی پاشای عوسمانی ڕاپەڕینی کردووە.
**قزڵجە: ناوی گوند و شوێنە لە باکوری کوردستان، بە زۆری مەبەستی دەبێ  (شاری قزڵجە بێ، کە نزیکە لە جێگای شێخی چەلەبییەوە).