ئەرشیفەکانى هاوپۆل: بەرەنگاربوونەوە
کەحلانێکی یاخی [Asi Bir Küheylan]

کوڕی هۆزم، ناوم کەحلانە*
لە پێدەشتی قیامەتی قزڵجەدا** لە دایک بووم..
لەو دوند و دۆڵانەدا…
هەڵۆم فڕاندووە،
پێلەقەم لە گورگ داوە،
لە مرۆڤم هەڵداوە،
وتوومە نامەوێ بێ کەرامەت، ڕەزیل و ڕسوا!
وەکو مێش و مەگەزی سەرم بلەوەڕێم..
کۆرپەم ،، کۆرپەم…
چاوم لە نێو چاوی بەرامبەرەکەم بڕیوە..
ئاوها تیژ و مۆن ڕوانیومە..
ئەسپێکی یاخیم، ناوم کەحلانە..
دایکم ڕەشەبایە، باوکیشم غوربەت.
هەزار ساڵە لەم دەڤەرەدام..
هەرگیز برسێتی ئەژنۆی نەلەرزاندووم…
تۆم خۆشدەویست…
قاسپەی کەوێک هەموو ئازارەکانی لەبیرم بردۆتەوە…
تۆم خۆشدەویست..
شکۆم لەسەر سنگم داوە، وەک چۆن کێو گوڵی لەسەر ڕواوە..
بە دانەکانم لەسەر ئاسن نەخشم کێشاوە!
هۆنراوەی: یوسوف خەیاڵۆغڵو
خوێندنەوە: ئەحمەد کایا
*کەحلان: جۆرە ئەسپێکی ڕەسەنی عەرەبییە، هەروەها ناوی ئەو ئەسپەی شێخی چەلەبی بووە، کە دژی حوکمی پاشای عوسمانی ڕاپەڕینی کردووە.
**قزڵجە: ناوی گوند و شوێنە لە باکوری کوردستان، بە زۆری مەبەستی دەبێ (شاری قزڵجە بێ، کە نزیکە لە جێگای شێخی چەلەبییەوە).
هێی نازم حیکمەت….
ئەمڕۆ گەنجێکی تورک بۆ کەناڵێکی ئەڵمانی قسەی دەکرد، کە گوایە دژی بە ئیسلامیکردنی وڵاتە. وە دژی ئەردۆگانە، چونکە ئەم تورکیا و ئازادی بۆ گەلەکەی گرنگە. وەکو چۆن باوکی گەورە (ئەتاتورک) دەیەوێت و تورکیای مۆدێرنی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ داڕشتووە. لەملاشەوە لە تویتەرەکەی (باخچەلی) و (کەمال) ــەوە ئیلهامی وەردەگرت. کەچی لە دەستیدا پەرتووکێکی (نازم حیکمەت)!!!؟؟
ببمە هـــەور؟
شیعری: نازم حیکمەت
بە بەرزی دەریاوە کۆمەڵە هەورێک..
بە سەریدا کەشتییەکی زیوین..
ناویشی بە ماسی زەرد پڕن..
لە قوڵایدا گیاکۆڵەی شین..
لە کەناریشدا پیاوێکی ڕووت..
تێڕاماوە، بیر دەکاتەوە…..
نازانم ببمە هەور؟
یان بە کەشتی؟
یا بە ماسی؟
یاخود بە گیاکۆڵە؟
نا، بە هیچیان نا!
دەریاکە دەبێ تۆ بیت کــــوڕم..
بە هەور و ..
کەشتی و ..
ماسی و ..
گیاکۆڵەکانەوە …..