جارێک کابرای سێرک بەسواری فیلێکی زەبەلاحەوە بەناو شارێکدا تێدەپەڕێ لەگەڵ هەموو عارەبانە و ئاژەڵە ڕاهێنراوەکانی. لەپرێکدا توڵەیەک دەکەوێتە نێوەندیان و دەست دەکات بەوەڕین و پەلامار بەباڵای قاچە زەبەلاحەکانی ئەو فیلەی کابرای لەسەرە. کابراش سەیرێکی توڵەکە دەکات و دەڵێ:
ئەو دەنگ و قوڕگەت مەنوسێنە بەوەڕە وەڕ، لەلای ئەم فیلە تۆ زۆر لەوە بچوکتری تەنانەت بەچاویش تەماشات بکات.
توڵەکەش دەڵێ: منیش دڵنیام ئاوهام لەبەرچاوی ئەودا. بەڵام بۆ بەرچاوی خەڵكی سەگێکی جەربەزەم و ئەو هەموو زەبەلاحی و زاخەی فیل هەیەتی نامترسێنێ و ئازام!
ئەرشیفەکانى هاوپۆل: ئەدەب
مشکی خۆخۆر – عەزیز نەسین
دز و حیزمان دەوێت – عەزیز نەسین
کوڕێک تازە خوێندن تەواو دەکات و ناوی بەژمێریار دەردەچێت لە کوێرە ناحییەکی دورە جادە. یەکەم ڕۆژ بەڕێوبەری ناحیە پێشوازی دەکات. دەرگاکەی کراوەیە و هەرکەس دێتە لای کارەکانی بۆ دەکات. ڕێک دوای ئەوەی دەردەچن لەلای بەڕێوبەر، شکاتێک دەدەنە کوڕەی تازە ژمێریار. یەکێکیان دەڵێ: ئەم موعامەلەی بۆم کرد، بەو مەرجەی کچەکەمی بدەمێ. یەکێ تر دەڵێ: ڕەزامەندی دا لەسەر هەڵکەندنی بیر بەو مەرجەی ٣ لیرەی ڕەشادی بدەمێ. یەکێکیان دەڵێ: بۆمی کرد، بەو مەرجەی بەربەنیوەی مەڕەکانی ئەمساڵی بدەمێ. گشتی لەلای ژمێریار دەردەچن تف و نەعلەتی دەکەن. ژمێریاش واقی وڕدەمێنێ زۆر، خوایە هەموو ئیشیان بۆ دەکات و قسەی خۆشە. بۆ داوای بەرتیلیان لێ دەکات؟
ئەمیش دەڵێ مادام بەرتیل وەردەگرێت و شکاتەکانم لەدەستە دەچێتە لای. بە بەڕێوبەر دەڵێ: گوێ بگرە تۆ ئەم هەموو بەرتیل و بێئەخلاقییە دەکەیت. یان ئەوەتا شەریکم دەکەیت یان ئەوەتا شکاتەکان دەگەینمە پایتەخت قەت لێی دەرناچیت.
بەڕێوبەریش دەڵێ: منەتت نەبێت بیگەیەنە!
ژمێریارەکەش دەچێتەوە ژورەکەی خۆی سەری لەم بێمنەتیەی بەڕێوبەر دەرناچێت. لەپڕ چایچییەکە دێت ژوورەوە دەڵێ:
کوڕم شکاتەکان بگەیەنە. ئێمە هەر بەڕێوبەرێکمان بۆ دەهات کوڕی چاک. دەوڵەت دەریدەکرد. وا ١٥ ساڵە ئەم بەڕێوبەرەمان هەیە زۆر لێی ڕازین، بەڵام دوای هەموو ئیشێک درۆیەکی بۆ هەڵدەبەستین و شکاتی لێ دەکەین. قەت دەستیان لێ نەداوە.
دەرکەوتووە بۆمان: دەوڵەت پیاوی حیز و دزی دەوێت. جا بەقوربانە بیانگەیەنە