ئەرشیفی مانگانە: حوزه‌یران 2013

هێی نازم حیکمەت….

ئەوانەی شاربەدەریان کردی، خەجاڵەت نابن، تف لە خۆیان ناکەن ئەمانە!!!!

ئەمڕۆ گەنجێکی تورک بۆ کەناڵێکی ئەڵمانی قسەی دەکرد، کە گوایە دژی بە ئیسلامیکردنی وڵاتە. وە دژی ئەردۆگانە، چونکە ئەم تورکیا و ئازادی بۆ گەلەکەی گرنگە. وەکو چۆن باوکی گەورە (ئەتاتورک) دەیەوێت و تورکیای مۆدێرنی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ داڕشتووە. لەملاشەوە لە تویتەرەکەی (باخچەلی) و  (کەمال) ــەوە ئیلهامی وەردەگرت. کەچی لە دەستیدا پەرتووکێکی (نازم حیکمەت)!!!؟؟

ببمە هـــەور؟
شیعری: نازم حیکمەت

بە بەرزی دەریاوە کۆمەڵە هەورێک..
بە سەریدا کەشتییەکی زیوین..
ناویشی بە ماسی زەرد پڕن..

لە قوڵایدا گیاکۆڵەی شین..
لە کەناریشدا پیاوێکی ڕووت..
تێڕاماوە، بیر دەکاتەوە…..

نازانم ببمە هەور؟
یان بە کەشتی؟
یا بە ماسی؟
یاخود بە گیاکۆڵە؟

نا، بە هیچیان نا!

دەریاکە دەبێ تۆ بیت کــــوڕم..
بە هەور و ..
کەشتی و ..
ماسی و ..
 گیاکۆڵەکانەوە …..

سیوسێ فیشەک [ OTUZÜÇ KURŞUN]

هۆنراوەیەکی بەرزی (ئەحمەد عارف)ــە وە دیدی ئەوە بۆ کوردستانی گەورە. بە هیوام ئێوەش لای خۆتانەوە بیناسن. ئەم هۆنراوەیەی بۆ ٣٣ کوڕی کوردی نوسیوە کە بەدەستی حوکمی عەسکەر لە باکوری کوردستان گوللەباران کراون.

(سیوسێ فیشـــەک)

ئەو کێوانە!
کێون وەکو مەنگەنە*
 لە “وان”ــەوە خۆریان هەڵدێ..
ئەوانە!
ڕۆڵەی “نەمــرود” ــن..
شەبەق لەبەردەمی “نەمــــرود” ان…
 سەریان بەستەڵەک و ڕچیوە، بە بەرزاییەکانی “قەوقاز”ــەوە..
ئەملاشیان بە موڵکی فەرشی “عەجەم”ـەوە..
گورزەیەک لوتکەی بەفرینن..
پڕن لە مامزی سرک..
لە ڕەوە کەو..
بەسەریاندا پۆلێک کۆتری هەڵاتوو دەفڕن.

کێوێکن لە ورە و باوەڕ، هەزاران ساڵە خۆڕاگر..
کەس نکۆڵیان ناکا!
ڕۆڵەکانیان تاک تاک لە جەنگدا دەبنە قوربانی..
مرۆڤ چۆن بتوانێ چیرۆکیان بگێڕێتەوە؟
خۆ نەچیرۆکی پۆلێک قوڵینگن**،
نە بڕە ئەستێرەیەک بە ئاسمانەوە.

ئەمـــانە…
 سیوسێ دڵن، کە فیشەک لەتی کردوون..
سیوسێ کانی خوێنن..
بۆ خوارێ شۆڕنابنەوە..
بەڵکو هەر لە لوتکەدا دەمێننەوە.
لەوێش دەبن بە دەریا…


* مەنگەنە: ئامێرێکە لە لای دارتاش و ئاسنگەر بۆ گرتنی پارچە و ئیشەکە بەکاردێت.
** لە تورکیەکەدا دەڵێ (توڕنا) بە فارسی درنا ــیە وە بە عەرەبی ناوی کرکی ــە. کە مەلێکە پڕاوپڕ نازانم بە کوردی پەتی چییە!؟

تێبینی: ئەم هۆنراوەیە زۆر درێژە، من تەنها دوو کۆپلەی یەکەمم کردووە بە کوردی.

ئەمە بە دەنگی خۆی: